ئەرشيڤ

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ نیكۆلاى میلادینۆف نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد.
 
له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى پارێزگاكانى مووسل، تكریت و دیالا و پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كان باسى لێوه‌ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى له‌و پارێزگایانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌ پارێزگاى مووسڵه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ڕوویان كردووه‌ته‌ ناوچه‌ ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سنوورى هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك.
 
نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى یوو ئێن له‌ عیراق سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساته‌وه‌ به‌ هاناى په‌نابه‌رانه‌وه‌ چووه‌ و هاوكارى و یارمه‌تى پێشكه‌ش كردوون، هه‌روه‌ها ستایشى ده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى كرد كه‌ هاریكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى باشییان له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى یوو ئێن هه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران كار ده‌كه‌ن.
 
لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌رچى له‌ تواناى بێت یارمه‌تیى په‌نابه‌ران ده‌دات و هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان پێویستییان به‌ یارمه‌تیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و بۆ ئه‌مه‌ داواى كرد ده‌زگاكانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵى خۆیان ببینن و كۆمه‌ك و یارمه‌تى بگه‌یه‌ننه‌ په‌نابه‌ران و ئاوڕێكى جدییان لێ بده‌نه‌وه‌.
 
له‌باره‌ى بارودۆخ و ڕووداوه‌كانیشه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیران وێڕاى پرۆته‌ستۆكردنى كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌كان به‌ شێوازى سه‌ربازى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى چاره‌سه‌ر ناكرێن و ده‌بێ چاره‌سه‌رى سیاسى بۆ كێشه‌كان بدۆزرێنه‌وه‌.
 
ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ پێشهاته‌كانى مووسل، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵى دا یارمه‌تیى حكوومه‌تى عیراق بدات و به‌غداى له‌ مه‌ترسیى ڕه‌وشه‌كه‌ ئاگادار كرده‌وه‌، به‌ڵام حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان ڕه‌ت كرده‌وه‌ و گوتیان: پێویستیمان به‌ هاوكاریى هیچ لایه‌نێك نیه‌ و هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌.
 
دواى دیداره‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌یان و نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تیرۆر لە هەر شوێنێک بێت بەرەنگاری دەبینەوه‌.
 
نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووه‌كان له‌ عیراقیش سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ له‌ قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كه‌ى خه‌ڵكى مووسڵدا هه‌ر زوو به‌ هاناى په‌نابه‌رانه‌وه‌ چووه‌ و هاوكاریى خیرا و باشى پێشكه‌ش كردن. هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ین ببینین كه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانى عیراقدا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌دا زاڵ بن.
 
ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ عیراق ئێستا مه‌ترسییه‌كى یه‌كجار گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌، ڕێگه‌چاره‌ش بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌ماهه‌نگییه‌كى باش له‌ نێوان حكوومه‌تى عیراق و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن ڕێگه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ بگرن. هه‌روه‌ها له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق، عه‌ره‌بى شیعه‌ و سوننه‌ و كورد پێكه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نێكیان هه‌بێت كه‌ بێ جیاوازى نوێنه‌رایه‌تیى هه‌مووان بكات، بۆیه‌ گرنگه‌ په‌رله‌مانى داهاتوو به‌ زووترین كات دابنیشێت و درێژه‌ به‌ پرۆسه‌ى سیاسى بدات.
 
میلادینۆف هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ده‌بێ خه‌ڵكى عیراق هه‌ست بكات له‌ناو پرۆسه‌ى سیاسیدایه‌ و دوور نه‌خراوه‌ته‌وه‌. كێشه‌كانى عیراق ته‌نیا بۆ عیراق گیروگرفت نین، به‌ڵكوو كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێ وڵاتانى ده‌وروبه‌ریش له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كه‌دا هاوكار بن.
 
لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمى كوردستان "بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەمنییە." و گوتى: "له‌ ئه‌نجامی‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپا بۆشاییی‌ ئه‌منی‌ دروست بووه‌ و ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاری‌ ئێمه‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه ‌و پاراستنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌" و پێشمه‌رگه‌ نه‌چووه‌ هیچ شوێنێك داگیر بكات.
 
له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نووسدا سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌: ویستمان هاوکاریی بەغدا بکەین، بەڵام “گوێیان لێ نەگرتین”، بۆیه‌: ”بەغدا خۆی دەبێ لێپرسراوییەتییەکەی هەڵگرێ.”
 
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو هاوكارییه‌ك كه‌ له‌ توانایدا بێت پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران بكات و دووباره‌ داواى له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ یارمه‌تیى په‌نابه‌ران و لێقه‌وماوان بده‌ن كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكى عیراقه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها گوتى ئه‌وه‌ى له‌ عیراق ڕووى داوه‌ پرسێكى زۆر هه‌ستیاره‌ و به‌رپرسیاریه‌تیى هه‌موو لایه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى هێمنانه‌ و جددى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.
 
ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ر له‌ پیشهاته‌كان په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر هێڵ بوون، ئێستایش ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌ش زۆر ئاسایى و پێویسته‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند یارمه‌تیى ئه‌و سه‌ربازه‌ عیراقیانه‌یان داوه‌ كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا ڕایانكردووه‌ و تا پێیان كراوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌یان به‌ سه‌لامه‌تى به‌ڕێ كردوون بۆ شوێنه‌كانى خۆیان له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق.
 
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ عیراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌چاره‌ى سه‌ربازییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویستى به‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسى هه‌یه‌، به‌ر له‌وه‌ى بیر له‌ڕێگه‌چاره‌ى سه‌ربازى بكرێته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ دیار بێت ئاخۆ پلانى سیاسى بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و ڕه‌وشه‌ چیه؟!‌.
 
ده‌رباره‌ى تیمى كونسلخانه‌ى توركیاش له‌ مووسڵ كه‌ داعش ده‌ستبه‌سه‌رى كردوون، نێچیرڤان بارزانى گوتى :ئێمه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ مووسڵ ڕووى داوه‌ پرۆته‌ستۆ ده‌كه‌ین، چى ئه‌وه‌ى له‌ دژى كونسلخانه‌ى توركیا و چ ئه‌وه‌یشى كه‌ له‌ ناو شاردا كرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ داعشدا نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێمان بكرێت بۆ ئازادكردنى ستافى كونسلخانه‌كه‌ ده‌یكه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئارامه‌ و ده‌توانن له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن.
 
ده‌رباره‌ى ڕاگه‌یاندنى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند كاره‌كانى ڕاگه‌یاندنى حكوومه‌تى تازه‌ ته‌واو بوون و ناوى كاندیده‌كان ڕاده‌ست كراون و هه‌موو شتێك به‌پێى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى هه‌یه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا كابینه‌ى تازه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. بۆ ئازادكردنى ڕۆژنامه‌نووس كامه‌ران نه‌جم ـ یش كه‌ به‌ بریندارى كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى داعشه‌وه‌، گوتى: هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادكردنى به‌رده‌وامن.
 
ده‌رباره‌ى ناسنامه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر مووسڵ و تكریت و شوێنه‌كانى دیكه‌دا گرتووه‌، سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه‌ به‌شێكیان داعشن كه‌ نابێ به‌ كه‌م وه‌ربگیرێن و به‌شێكى سه‌ره‌كین، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێین مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌موو تیرۆر نیه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ چاره‌سه‌ریى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بووایه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بكرایه‌. كاتێك كێشه‌كه‌ له‌ ڕومادى سه‌رى هه‌ڵدا، ده‌بوایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق هه‌وڵى بدایه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و به‌ ئه‌مرۆ نه‌گه‌ن.  
 
له‌ وه‌ڵامى دوایین پرسیاریشدا نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كاتێك مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌ركووك دروست بوو، نووسینگه‌ى نوورى مالیكى به‌ فه‌رمى داواى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ كه‌ هه‌وڵ بده‌ین باره‌گاى تیمى دوازده‌ وه‌ربگرین تا كێشه‌ دروست نه‌بێت.

 

 شەممە, 14 حوزەیران 2014

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی